Social Icons

الجمعة، 13 فبراير 2015

ته‌له‌فزیۆن و کاریگه‌ریی له‌سه‌ر که‌سایه‌تی منداڵ






له‌لایه‌ن: به‌رێوبه‌ری ماڵپه‌ ڕ ·سه‌روه‌ر حسێن AUGUST 17, 2013
.
.

تەلەفزیۆن بەیەكێك لە هۆكارەكانی ڕاگەیاندن دەژمێررێت،وەك هۆكارێكی گرنگ كاریگەری لەسەركەسایەتی بینەر هەیە،بەجۆرێك ئەو بابەت و دیمەنانەی بەرچاووگوێی بینەر دەكەوێت لە بەشی یادەوەری درێژخایەن(long term memory)كەڵەكە دەبێ‌ بۆماوەیەكی درێژو درەنگ لەبیردەچێتەوە،چونكە زۆربەی هەستەوەرەكانی مرۆڤ بەشدار دەبن لەوەرگرتنی دیمەنەكان،ئەوەی ئەمەوێ‌ باسی بكەم كاریگەری تەلەفزیۆنە لەسەر كەسایەتی منداڵ و ڕەوشتی و لایەنە باش و خراپەكانی (TV)ی و پاشان ڕۆڵی دایك و باوك لە دابینكردنی بەرنامەی گونجاو پەروەردەیی تامنداڵانیش بەدوور بن لەدیمەنە توندو تیژیەكان،وەك ئاشكرایە (TV)ی بوە بەمیوانی هەمووماڵێك و كۆمەڵگەی مرۆڤایەتی وەك پێوێستیەكی سەرەكی تەماشایی دەكات،لەكۆمەڵگای كوردیشدا بەجۆرێك كاریگەری هەیە و ڕەنگدانەوەی تەواوی لەسەر هەڵسوكەوتی منداڵان هەیە،ئەگەر بەرنامەكانی (TV)ی پەروەردەی وكۆمەڵایەتی و ڕۆشبیری بن،ئەوا سوودو كەڵكی بۆ منداڵ دەبێ‌،بەپێچەوانەوە بابەتی شەڕەنگێزی وتوندوتیژی و كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر ڕەفتاری منداڵ بەجێ‌ دێڵێ‌.




زیانەكانی تەلەفزیۆن:




دایك و باوكی بەڕێز هەموو شتێك لایەنی باشو خراپی هەیە،بۆیە توێژینەوەكان پێمان دەڵین تەلەفزیۆن كۆمەڵێك كاریگەری خراپی لەسەركەسایەتی منداڵ دەبێ‌ وەك:


1.زۆر سەیركردنی (TV)ی وادەكات منداڵ سەرقاڵ بێت و كاتی زۆری بەفیڕۆ بچێت و بەرنامەی خوێندنی دەشێوێ‌ و دوای دەخات لەخوێندن و كارەكانی.


2.بڵاوبوونەوەی توندوتیژی و شەڕەنگێژی(aggression):بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستیە دەگەڕێمەوە سەر توێژینەوەكەی زانای ئەمریكی(البرت باندۆرا) كەلە توێژینەوەكەیدا،دوو كۆمەڵ منداڵی كرد بەدوو ژووری جیاوازەوە،كۆمەڵی یەكەم: لەتەلەفزیۆنەوە فیلمی توندو تیژی بۆ لێدان،كۆمەڵی دووەم:فیلمی تەرفیهی دوای ماوەیەك كاتێك منداڵەكان هاتنە دەرەوە كۆمەڵی یەكەم كەسەیری توندوو تیژیان كردبوو لەناو خۆیاندا دوبارەیان دەكردەوە،دواتر كۆمەڵی دووەم كەسەیری فیلمی تەرفیهی و پێكەنینیان كردبوو لەناو خۆیاندا دووبارەیان دەكردەوە، بۆیە لەناو منداڵاندا لەم ڕۆدا ئەم دیمەنە بەئاشكرا دەبینرێت.


3.زۆر سەیركردنی (TV)ی وا لەكەسایەتی منداڵ دەكات ببێت بەئالەت،دەبینین هەندێك دایك و باوك منداڵ لەژوورەوە جێ‌ دێڵن و دەرگای لێ‌ دادەخەن ئەمە وادەكات منداڵ لەڕووی كۆمەڵایەتیەوە لاواز بێ‌ سەردانی خزم و برادەر نەزانێ‌ و سۆزو خۆشەویستی بۆ دایك و باوكی كەم دەكات.


4.منداڵ تووشی لاسایی كردنەو(التقلید)دەكات و كەمتر بیر دەكاتەوە،دەبێتە بونیادێكی بەكاربەر.


5.زۆر سەیركردنی وادەكات منداڵ تووشی خەو زڕان بێت و باری دەرووونی تێك دەچێت.


6.ترس(fear)بەهۆی سەیر كردنی فیلمی ترسناك منداڵ توشی ترس دەكات.


7.هۆكارێكە بۆئەوەی منداڵ وانەكانی ڕۆژانەی بەخراپی ئەنجام دەدات و دوا دەكەوێت.






جگەلەو زیانانەی TV)ی هەیەتی،سوودو گرنگی خۆی هەیە،بەڵام كاتێك دایك و باوك بەرنامەڕێژی بكەن بۆمنداڵەكانیان،




سوودەكانی تەلەفزیۆن:




1. منداڵ ئاشنا دەكات بەكەلتوورو داب و نەریتی ووڵاتانی ترو مەعریفەی زیاد دەبێت.


2.منداڵ دەتوانێ‌ سوودمەند بێ‌ بۆچیرۆك و زیاتر تامەزرۆی دەبێت.


3.سوودمەندە بۆ لایەنی تەندروستی و وەرزش،منداڵ دەتوانێ‌ وەرزش بكات و فێربێت.


4.منداڵ دەتوانێ‌ ژینگەی دەرەوەو جۆری گیانداران ببینێ‌ و بەتایبەت لەكاتی نەخۆشیدا ئازاروناخۆشی لەبیردەچێتەوە.


5.منداڵ فێری دەست پاكی و یارمەتی دایك و باوك دەبێ‌،بەتایبەت لەڕووی پەروەردەییەوە تۆكەمەدەبێت.




ڕۆڵـی دایكان و باوكان(سەرپەرشتیاری منداڵ) بۆ بەرنامەكانی تەلەفزیۆن:




1.دیاری كردنی كاتی گونجاو بۆمنداڵ بەتایبەت لەسەر حسابی خوێندنی منداڵ نەبێ‌.


2.پێویستە (TV)دوور لەمنداڵ دابنرێت،چونكە لەڕووی تەندروستیەوە زیان بەچاوی منداڵ دەگەیەنێ‌.


3.دیاریكردنی بەرنامەی بەرنامەی (TV)بەهاوكاری دایك و باوك و گەورەكان بەشێوازی جوان،نەك بەزۆرو لێدان،باشتروایە بابەتەكان دوور لەتوندوتیژی بن.


4.باشتر وایە دایك ئەگەر بۆی گونجا لەگەڵ منداڵ دابنیشێ‌،دواتر پرسیاری لێ‌ بكات؟كوڕ یا كچم چی فێربووی والەمنداڵەكەی بكات ڕاست و چەوت لێ‌ جیا بكاتەوە.


5.دەستنیشانكردنی كەناڵی باش بۆمنداڵەكەت،ئەگەر چووە سەر كەناڵی خراپ بیگۆڕی و هۆكاری گۆڕینی پێ‌ بڵێ‌،باشتر وایە كەناڵی پەروەردەیی بۆ دەست نیشان بكەیت.


6.پێویستە دایك و باوك و كەسانی گەورەی ماڵ سەیری ئەو فیلمانە بكەن كەدورە لەشەڕو توندوتیژی چونكە منداڵ چاو لەگەورەكان دەكات،نابێ‌ منداڵ پشتگوێ‌ بخرێت تا نیوەشەو سەیری دوابابەت بكات و بەتایبەت فیلمی ترسناك زەرەر بەكەسایەتی منداڵ دەگەیەنێ‌.


7.باشتر وایە لەكاتی نانخواردندا (TV) بكوژێتەوە،چونكە دەركەوتووە ئەو كەسانەی لەكاتی نانخواردن سەیر(TV) دەكەن تووشی قەڵەوی دەبن،بەهۆی ئەوەی سەیری (TV)ی دەكات و ئاگای لەخۆی نامێنێ‌ و زۆر دەخوات ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوی.


8. پێویستە منداڵ ڕابهێنرێت لەسەر وێنەكێشان و خوێندنەوە تا نەبێتە ئالەت.


9. منداڵ فێر بكەین كە ڕێزی كات بگرێت و كاتی خوێندن و ئەركی ڕۆژانەی بزانێ‌،بۆیە توێژینەوە زانستیەكان دەڵێن:سەیركردنی (TV) ڕۆژانە بۆ منداڵ بەپێی تەمەن باشتر وایە بەم شێوەیە بێت:


2-3ساڵی ـــــــــــــــ20خولەك


4-5 ساڵی ــــــــــــــ30خولەك


6-9ساڵی ـــــــــــــــ60خولەك


10-13ساڵی ـــــــــــــ 90خولەك

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق


-:: له‌گه‌ل ڕێزدا به‌رێوبه‌ری ماڵپه‌ر : سه‌روه‌ر حسێن ::-

Blogger Tips and TricksLatest Tips And TricksBlogger Tricks